لۆگۆی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم
خوێندنی باڵا رایگەیاند
کۆتایی هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
ئەنجامی 40 هەزار و 716دەرچووی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا، بڕیارەکە وایە کۆتایی هەفتەی ئایندەش، زانکۆلاین بۆیان کارا بکرێ.
لە پێگەی وەزارەتەکەی عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا سیستەمی زانکۆلاین کارا دەکرێت، لە رێگەیەوە دەرچووانی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن داواکاری بۆ خوێندنی خۆڕایی، پارالێل و ئێواران لە 16زانکۆی حکومی پێشکەش بکەن.
بۆ ئەمساڵ 40 هەزار و 716دەرچووی قۆناغی 12ـی ئامادەیی (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەرچوون و ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجامەکانیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە گەیشتووەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند:، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان لە کۆتای هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت و لە یەک کاتدا 30 هەزار و 847 دەرچوو لە بەشى زانستى، حەوت هەزار و 923 دەرچوو لە بەشى وێژەیی، هەزار و 240 دەرچوەى ئامادەیی پیشەیی، 706 دەرچوى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.
داواکارىیەکە بۆ هەرسێ جۆر خوێندنى زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) لە 16 زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.