کۆبوونەوەی ئەمڕۆشیان بێ ئەنجام بوو
کێشەی سەرتاشەکانی سلێمانی دەخرێتە دەنگدانەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
سەرتاشەکانی سلێمانی لەسەر کردنەوەی دوکانەکانیان و دیاریکردنی رۆژێک پشوو بۆ ئیسراحەتی خۆیان، رێکناکەون، بۆیە سەندیکای کرێکاران کێشەکەیان دەخاتە دەنگدانەوە.
ئەمڕۆ لە بینای یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان / لقی سلێمانی کۆبوونەوەیەک بۆ سەرتاشەکان بەڕێوەچوو، بەڵام دیسان نەگەیشتنە ئەنجام، دەرون رزگار سەرۆکی سەندیکا بە 964ـی وت، “رۆژی شەممە راپرسییەک دەکەین لەسەر ئەوەی ئایا لە کاتژمێر 8ـی بەیانی بۆ 8ـی ئێوارە ئیش بکرێت، یان فری بێت و وەکوو جاران، لەگەڵ ئەوەشدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارە لەسەر ئەوە دەدەین ئاخۆ رۆژی هەینی وەک رۆژی پشوو دیاری بکرێت یان نە”.
دوای کۆبوونەوەکە، پەیامنێری 964 ژمارەیەک سەرتاشی دواند، هەر یەکێکیان رای جیاوازی هەبوو، بەشێکیان دەیان وت، با هەر کەسەو بە دڵی خۆی دوکانەکەی بکاتەوە و دایبخات، چونکە خەڵک هەیە تەنیا شەوان دەتوانێت بچێتە سەرتاشخانە، هەندێکێشیان پێیان باشبوو ئەو بابەتە بە یاسا رێکبخرێتەوە و کاتەکەیان سنووردار بکرێت، بۆیە داوایان کرد، هەموو سەرتاشەکان بەشداری دەنگدانەکەی رۆژی شەممە بکەن، بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێ.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری