له ‌ئیداره‌ى راپه‌ڕین چه‌ندین تیمی مه‌له‌وانى دروستده‌كرێن

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ناحیه‌ى ژاراوەى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین، تیمی مه‌له‌وانى پێكده‌هێندرێت بۆ رزگاركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى مه‌له‌ له‌ زێى بچووك و ده‌ربه‌ندی رانیه‌ ده‌كه‌ن و مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ژیانیان.

دروستكردنى ئه‌و تیمه‌ى مه‌له‌وانى دواى نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌رگرى شارسستانى راپه‌ڕین دێت كه‌ بۆ ته‌واوى فه‌رمانگه‌ و بنكه‌كانى به‌رگرى شارستانى سنووره‌كه‌ى ناردووه‌ و رایسپاردوون ئه‌و تیمه‌ دروست بكه‌ن.

بنکەی بەرگری شارستانی ژاراوەش ئاگادارییه‌كى بۆ دانیشتوانی سنوری ناحیەكه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و داواكاره‌ هەرکەسێک ئارەزوومەندە ببێت بە مەلەوانی خۆبەخش لە سنورەکەیان، سه‌ردانیان بكات.

سامان حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى به‌رگرى شارستانى ژاراوه‌، به‌ 964ـى وت، ئه‌مڕۆ ئه‌م بانگه‌وازه‌یان بڵاوكردووه‌وته‌وه‌ و تا ئێستا هیچ كه‌سێكى ئاره‌زوومه‌ند په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كردوون.

وتیشی “پێویسته‌ ئه‌و تیمه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و بنكانه‌ هه‌بێت كه‌ نزیكی رووبار و زێیه‌كانن”.

له‌سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین دوو سه‌رچاوه‌ى ئاوى گه‌وره‌ له‌ سنوورى ناحیه‌كانى ژاراوه‌ و سه‌نگه‌سه‌ر نزیكن، ئه‌وانیش ده‌ربه‌ندی رانیه‌ و زێى بچووك.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ به‌رگرى شارستانى ژاراوه‌ى وه‌رگرتووه‌، ئاوى ده‌ربه‌ندى رانیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئاوه‌ مه‌ترسیداره‌كان بۆ ئه‌وانه‌ى شاره‌زاییان له‌ مه‌له‌وانى نیه‌ و ئه‌و گه‌نجه‌ى دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ریش له‌ناو ئه‌و ئاوه‌دا خنكاوه‌، تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.