مەبەستی درۆنی "شاهید" ی ئێرانە
تەکنەلۆژیای نوێی ئەمریکا؛ درۆنێکی 30 هەزار دۆلاری بە 11 دۆلار دەخاته خوارەوە
فەرهاد حەسەن
ئەمریکا نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی پەرەپێداوە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه ئێرانییەکان، کە دەتوانێت بە پارەیەکی کەم درۆنێکی گرانبەها بخاتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو تەکنەلۆژیایەی ئەمریکا پشت بە رادارێکی بچووک دەبەستێت، کە رێگە دەدات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بتەقێتەوە کاتێک لە ئامانجەکە نزیک دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە لێدانی راستەوخۆ هەبێت، بەو شێوەیە کاریگەری لەناوبردنی پێنج بۆ 10 هێندە زیاد دەکات بە بەراورد بە تەقەمەنی ئاسایی.
رۆژنامەکە، نموونەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی “شاهید”ی ئێرانی باسکردووە، کە بەهای نزیکەی 30 هەزار دۆلارە، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت بە بەکارهێنانی پێنج گولـلە بیخاتە خوارەوە، کە تێچوی هەر پێنج گولـلەکە لە 11 دۆلار تێپەڕناکات.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “شاهید” زنجیرەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه کە لەلایەن ئێرانەوە دیزاینکراوە و ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێناوه، درۆنهكه لە ئێران لەلایەن کۆمپانیای شاهید فڕۆکەوانی پیشەسازی و کۆمپانیای HESAی سەر بە دەوڵەت دیزاینکراوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن روسیا لەژێر ناوی جیران -2 بەرهەم دەهێنرێت و جێگیر دەکرێت.
رۆژنامەکە بەراوردێکی کردووە، کە پێس ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە، بە موشەکی بەرگری ئاسمانی ئاسایی لە جۆری ستینگەر کە نرخەکەی نزیکەی 430 هەزار دۆلارە، هەورەها مووشەکی AIM-120 نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەکاردەهێندرا.
ئەوەشی روونكردوهتهوه، ئەو تەکنەلۆژیایە لە کاتی تاقیکردنەوە مەیدانییەکان کە لە وڵاتی فلیپین ئەنجامدراوە، کاریگەری خۆی سەلماندووە، ئەوەش وایکردوە کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمریکا، لەنێویاندا نۆرسرۆپ گرومن، هێڵەکانی بەرهەمهێنان فراوان بکەن و وەبەرهێنانی بەرچاو بکەن بۆ دابینکردنی خواستی گەشەسەندوو.
راپۆرتی رۆژنامەکە ئاماژە بەوەشدەکات کە ئەو تەکنەلۆژیایە دەتوانێت نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی مەودای کورتدا بکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە مەترسی زیادبونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەیە، وەک زەریای هێمن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.