ئەمڕۆ واژۆیان کرد

وەزیری دارایی عێراق؛رێککەوتنی ئەسیکۆدا هەنگاوێکی ستراتیژییە

ئەحمەد مستەفا

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی یەکخستنی سیستم و رێکارە گومرگییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان وتی، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ رێڕەوی چاکسازیی ئابووری و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان.

ئەمڕۆ شاندێکی لێژنەی باڵای تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ و پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەوێ رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد.

لە راگەیەندراوێکدا ساری دەڵێ، یەکخستنی ئەو سیستەمە دەبێتە هۆی توندوتۆڵکردنی چاودێری بەسەر جوڵەی کاڵا، کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆدزینەوە لە باج، هەروەها بەهێزکردنی شەفافیەت و یەکخستنی زانیاری و رێکارەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان

پێشتر، رزگار حەمەد خدر راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی وەزارەت، لە بەغدا لەگەڵ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی کشتوکاڵ کۆبووەتەوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی کاراکردنی رۆژمێری کشتوکاڵی یەکگرتوو کرا، بە ئامانجی رێکخستن و پەرەپێدانی پرۆسەی هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەسەر بنەمای هاوکاریی هاوبەش.

​دوابەدوای کۆبوونەوەکە و لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.6.2026، رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.