داوای کردبوو کچە 15 ساڵییەکەی بخوازێت

بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبان دایک و کچێکی کوردی خەڵکی بۆکان دەکوژێت

فەرهاد حەسەن

دایک و کچێکی کورد کە خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، لەلایەن بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کوژراون ، باس لەوەدەکرێت ئەو بەرپرسە هەوڵی دابوو بە زۆر هاوسەرگیری لەگەڵ کچی ئەو ژنە کوردەدا بکات.

تۆڕی هەواڵی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، چیمەن حسەینزادە، هاوڵاتی کوردی خەڵکی بۆکان و دانیشتووی ئەفغانستان، لەگەڵ کچەکەی، سارا یوسفی، بە دەستی بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبان کوژراون، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسەی تاڵیبان دەیویست بە زۆر لەگەڵ سارای 15 ساڵان هاوسەرگیری بکات.

رێکخراوەکە بە پشتبەستن بە زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادارئەوەشی خستووەتەڕوو کە “چیمەن نزیکەی 20 ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانستانی هاوسەرگیریی کرد و لە گوندی گەلدووری شاری کوهستانات لە ویلایەتی سەرپۆل دەژیا، لەوێ بە ناوی (بی‌ بی چەمەنگوڵ) دەیانناسی و وەکو مامانێکی سوننەتی کاری دەکرد”.

بە وتەی سەرچاوەکە، کەسێک بە ناوی موفتی محەمەدوڵا، بەرپرسی ئیدارەی حەج و ئەوقافی تاڵیبان لە شاری کوهستانات داوای کردبوو لەگەڵ سارا کچە 15 ساڵەکەی چیمەن هاوسەرگیری بکات.

دەشڵێت، بەرپرسەکەی تاڵیبان لە رۆژی 21.4.2026 چووبووە بەردەم ماڵی ئەو بنەماڵەیە و ویستبووی بە زۆر سارا لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام دایکی رێگریی لێ کردبوو و نەیهێشتبوو.

ئەو بەرپرسەی تاڵیبان کاتێک رووبەڕووی رێگری و بەرهەڵستبوونەوەی دایکەکە لە بەرانبەر گواستنەوەی زۆرەملێی کچەکەیدا بووبووەوە، دەستڕێژی گولـلەی لەو دایک و کچە کردبوو و هەردووکیانی کوشتبوو.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بکوژ دوای رووداوەکە لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کراوە.

بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە دوای چەند هەفتەیەک و لە 31.5.2026 لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و ئەوانیش رۆژی 2.6.2026 لە گوندی “کارێزە سەردار” پرسەیان بۆ داناوە.