پۆلیس دەڵێت سبەی مەچنە دەربەندی رانیە

هاوبەش ئەبوبەکر

پۆلیسی راپەڕین داوا دەکات، سبەی هەینی و رۆژانی دیکەش، تا تەرمی هاوڵاتییە خنکاوەکە دەدۆزنەوە، کەس نەچێتە دەربەندی رانیە بۆ مەلەکردن و راوەماسی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.8.2023، شۆرش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت، بۆئەوەی نەبنە ئاستەنگ بۆ ئەو تیمانەی کە بەدوای تەرمی هاوڵاتی محەمەد مستەفادا دەگەڕێن، داوامان لە هاوڵاتیان کردووە  سبەی هەینی بە تایبەتی و رۆژانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک روونەکەنە دەربەندی رانیە، بە دیاریکراوی نزیکی پردی دەربەند.

“رۆژانی هەینی بە هۆی پشووەوە هاوڵاتییەکی زۆر سەردانی دەربەندی رانیە دەکەن و ئەگەر وەک هەینییەکانی دیکە خەڵک بێنە شوێنەکە ئاستەنگمان بۆ دروست دەکەن”، شۆرش ئیسماعیل وای وت.

رۆژی سێشەممە 1.8.2023، گەنجێکی خەڵکی هەولێر بە ناوی محەمەد مستەفا، کە تەمەنی 39 ساڵە، لەگەڵ برایەک و کوڕێکی بۆ گەشت لە دەربەندی رانیە بوون، لە کاتی مەلەکردن نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و خنکاوە.

لە رۆژی خنکانەکەیەوە، تیمێکی 12 کەسی، خەریکی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە.