قامیشلۆ

بۆ دووەم رۆژى لەسەریەکە خۆپیشاندان بەردەوامە

964+
گەرناس مەعۆ

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، دژى نەبوونى کارەبا و بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و گازوایل، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانى قامیشلۆ دەستیانکردووە بە خۆپیشاندان.

کێشەکە تەنیا کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی نییە، بەڵکو بەهۆی گرانیی نرخی گازوایلەوە، مۆلیدەی بەشێک لە گەڕەکەکانیش کوژاونەتەوە. ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕ و نرخی شمەک و کاڵا سەرەکییەکان بەرز بووەتەوە.

لەم قەیرانەدا دوکانەکانی ساردەمەنی و شیرینی زەرەرمەندی یەکەم و سەرەکین و بەهۆی نەبوونی کارەباوە کاڵاکانیان مەترسیی تێکچوونیان لەسەرە، بۆیە بەشێکی زۆر لە خاوەن دوکانەکانیش چوونەتە پاڵ خۆپیشاندەران.
هاوڵاتیان داوا دەکەن، بەپەلە دەسەڵاتداران نرخی نەوت و گازوایل دابەزێنن، سووتەمەنیی پێویست بۆ مۆلیدەکان دابین بکرێت و کێشەی کارەبا چارەسەر بکرێت.
خۆپیشاندەران هۆشداریش دەدەن، تا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان باش نەکرێن، ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبێت و ناچنەوە ماڵەکانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح