دوای بایکۆتی حکومەت یەکێتی باس لە بژاردەی دووەم و سێیەم دەکات

فەرید ئەسەسەرد: کاک بافڵ و سەرکردایەتی لەگەڵ بژاردەی یەکەمن کە  لێکتێگەشتنە

964+

ئەحمەد مستەفا- سلێمانی

دوای کشانەوەیان لە حکومەت، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بژاردەی دووەم و سێیەمی حزبەکەی بە سەختتر ناودەبات و دەڵێ؛ بەڵام سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی لەگەڵ گفتوگۆدان کە بژاردەی یەکەمە.

گازاندەو ناڕایەتییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دواجار سەری کێشا بە بایکۆتکردنی تیمی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩ لەنێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان پێکھێنرا، بەڵام بەردەوام یەکێتی ناڕەزایەتی هەبووە.

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ 964+ قسەی کردووەو دەڵێ؛ لێدوانی دژ بەیەک چۆتە سەر کاغەز و رۆژنامەکان و جیاوازییەکان دەرکەوتوون، هەردوولامان تێروانییە جیاوازەکانمان دەرخستووە و دانیپێدا دەنێین کە ھەیە.

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لەم دیمانەیەدا کە +964 لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵی ئەنجامداوە، روونی دەکاتەوە کە ئەو حکومەتەی ئێستا مومارەسەی کارەکانی ئەکات، لە بنەمادا حکومەتی یەک حیزب نیە، یەک حیزب نەیتوانیوە پێکی بھێنێ، لەسەر ئەو بنەمایەش کە حکومەتێکی ھاوبەشە، دەبێت یەکسانی سیاسی، پێداویستی وخزمەتگوزاری بۆ ناوچە جیاوازەکان دابین بکات و، ئەمەش مەرجی بەردەوامبوونی حکومەتی ئێستای ھەرێمە لەلایەن یەکێتییەوە.

“ئێمە ھەست ناکەین ئەو حکومەتە داھات و خزمەتگوزاری بەیەکسانی بەسەر خەڵکی کوردستان دابەش بکات، بۆیە ھەنگاوی عاقڵانە پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان ھەولێر و سلێمانی” فەرید ئەسەسەرد وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەگەڵ ئەوەدان کە بژاردەی یەکەمیان لەگەڵ پارتی لێکتێگەشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، بەڵام ئەگەر نەگەیشتین بەو بژاردەیە بەدڵنیایی ناچار دەبین بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە”.

لە بارەی بژاردەکانی بەردەم یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد وتی “تائێستا لەنێو یەکێتی بژاردەی ئیدارەی سەربەخۆ یان ھەرێم بۆ سلێمانی باس نەکراوە، کە راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد دەست بە گفتوگۆ بکات و یەکێتی ھیچ ھەنگاوێکی لەو بارەیەوە نەناوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە نەگاتە لێکتێگەشتن، ئەوا یەکێتی مافی خۆیەتی بیر لە ھەموو بژاردەیەک بکاتەوە”.

کلیک بکە بۆ گوێگرتن لە تەواوی دیمانەکەی فەرید ئەسەسەرد لەگەڵ 964+