خۆبەخشەکانی دهۆک بایکۆتی دەکەن

لە شەڕی داعش و کۆرۆناوە بەخۆبەخشی هێناویانە

سیداد حەبیب – دهۆک

ژمارەیەک لە کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک گردبوونەوە، ژمارەیەکیان وا پێنج رۆژە بایکۆتی کارەکانیان کردووە، ئەوان ناڕازی لە دانەمەزراندیان و دەڵێن، جیاوازی کراوە.

چەند رۆژێکە نوسراوێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، گوایە 23 کەس لە پارێزگاکە دامەزراون، ئەوەش ناڕەزایەتی دروست کردووە، بەڵام هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێم ئامادەنەبوون روونکردنەوە لەبارەی دامەزراندن و هۆکارەکەی بخەنەڕوو.

بەشدارانی گردبوونەوەکە قسەیان بۆ 964 کردووە و دەڵێن، چەندین ساڵە بە شێوازی خۆبەخش کار دەکەن و تا ئێستا دانەمەزراون، لە کاتێکدا بەشێک لە دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دامەزراون. ئەوان داوا دەکەن هاوشێوەی ئەو دەرچووانە دابمەزرێن، بە پێچەوانەوە ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

لەگەڵ ئەوەی، ماوەی پێنج رۆژە بەشێک لە کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی “هیڤی” و “منداڵبوون” لە دهۆک بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەهۆی ئەوەی سەرەڕای چەندین ساڵ خزمەت، هێشتا بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرنەکراوە، کە هەندێکیان دەڵێن، لە شەڕی داعش و کۆرۆناوە خۆبەخشن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا