دیمەنێکی دهۆک
رای جیاواز دروستبووە
ئەوقافی دهۆک: دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان کەمدەکەینەوە
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆک بەپێی نوسراوێک، سێ بڕیاری نوێی بۆ بەکارهێنانی بڵندگۆی مزگەوتەکانی سنووری پارێزگاکە و هەر شەش قەزاکەی سەر بە دهۆک دەرکردووە، بەڵام یەکێتی زانایان وا دەردەکەوێ لەگەڵی نەبن.
بڕیارەکان کە ئەمڕۆ 14.6.2026 بە ژمارە 780 دەرکراوە، وەک خۆیان باسی دەکەن، بە مەبەستی رێکخستنەوەی دەنگی بڵندگۆکان و رەچاوکردنی باری تەندروستی و حەسانەوەی هاوڵاتیان دراوە.
بڕیارەکانیش بەم شێوەیەن:
یەکەم: لەکاتی ئەنجامدانی نوێژدا، دەبێت بڵندگۆکانی دەرەوەی مزگەوت بە تەواوی دابخرێن و نوێژەکە تەنیا لە رێگەی بڵندگۆکانی ناوخۆوە بێت.
دووەم: لەکاتی بانگداندا، پێویستە دەنگی بڵندگۆکانی دەرەوە نزم بکرێنەوە بۆ ئاستێکی گونجاو.
سێیەم: دەنگی بڵندگۆکانی ناوخۆی مزگەوتەکانیش کەم دەکرێنەوە تا نەبنە هۆی بێزارکردنی نوێژخوێنان.
لەبارەی رێکارەکە و دەرچوواندنی نوسراوەکەی ئەوقاف، مەلا جیهاد بێسفکی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان لقی دهۆک بە 964 وت، بەسێ وشە وەڵامی ئەم بڕیارە دەدەمەوە، ئەوەی دەنگی بانگ بەدڵی نەبێت با دەست بە گوێکانی بگرێت و تەواو.
ئەمە وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە بڕیارەکە، بەڵام ناسح مەلا محەمەد، بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆک لەبارەی نوسراوەکەیان بە 964ی وت، بڕیارەکە گونجاوە و بەگوێرەی داواکاری نوێژخوێنانە بووە، وە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە 14.6.2026، جێبەجێ دەکرێت و مەبەست لێی رێکخستنی دەنگی بڵندگۆکانە.
ئەم بڕیارانە، لە سەرجەم مزگەوتەکانی سەنتەری پارێزگای دهۆک و قەزاکانی (دهۆک، ئاکرێ، ئامێدی، شێخان، بەردەڕەش و سێمێل) جێبەجێ دەکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا