"بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز"

عێراق مانگی رابردوو شەش ملیار دۆلاری زەرەر کردووە

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە، کە نۆ ملیۆن و 884 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەشی نزیکەی ملیارێک دۆلار بووە.

هەناردەی نەوتی عێراق پێش شەڕ و داخستنی گەرووی هورمز مانگانە نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل بووە و 7 ملیار دۆلاری دەستدەکەوت، کەواتە مانگی رابردوو نزیکەی شەش ملیاری زەرەر کردووە.

دواکەشتیی دەریایی، کە نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو، کەشتی نەوتهەڵگری یۆنانی “Agios Phanourios 1” بوو، کە نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو بەرەو ڤێتنام، بەڵام هێزی دەریایی ئەمریکا راستەوخۆ دەستوەردانی کرد بە گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکە کاتێک گەیشتە کەنداوی عومان، بۆیە بۆ شوێنی خۆی گەڕایەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکە بە سەرکەوتوویی گەرووی هورموزی تێپەڕاندووە و سوپای پاسداران رێگەیان پێداوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئامارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆی گشتیی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی نیسان لە نەوتی بەسرە چوار ملیۆن و 587 هەزار و 610 بەرمیل بووە، بڕی نەوتی هەناردەکراویش لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە 339 هەزار و 64 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی نەوتی کەرکوک لە رێگەی نەوتی بەسرە هەناردە کراوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بڕی 4 ملیۆن و 957 هەزار و 456 بەرمیل بووە.