سپڵێکی چوار کیلۆگرامیان دەرهێناوە

تەندروستی سلێمانی: نەخۆشێکی تالاسیمیا لە مەترسییەکی گەورە رزگارکرا

فەرهاد حەسەن

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ لەلایەن تیمە پزیشکییەکانیانەوە، نەخۆشێکی تالاسیمیایان لە مەترسییەکی گەورە رزگارکردووە و ئەوەشی بە سەرکەوتنێکی دیکەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێرکاری شارەکەی ناساندووە.

لەرێگەی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنەوە بۆ نەخۆشەکە کراوە و سپڵێکی چوار کیلۆ گرامیان دەرهێناوە.

تەندروستی دەڵێت، لە کارێکی پزیشکیی ورد و سەرکەوتوودا، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەر توانییان لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووەوە، کۆتایی بە ناڵاندنی نەخۆشێک بهێنن کە بەدەست ئاوسانی توندی سپڵییەوە دەیناڵاند و ژیانی کەوتبووە مەترسییەوە.

دوای ئەنجامدانی پشکنینە سەرەتاییەکان، دەرکەوت کە کێشی سپڵی نەخۆشەکە گەیشتووەتە  چوار کیلۆگرام و درێژییەکەی 38 سانتیمەتر بووە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی رێژەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە جەستەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و سیستمی بەرگری لاواز بکات و تەواوی بۆشایی سکی داگیر بکات.

تیمە پزیشکییەکە توانیان سپڵە گەورەبووەکە بە تەواوی لە جەستەی نەخۆشەکە بەتەکنیکێکی نوێی پزیشکی جیا بکەنەوە و دەریبهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە ئەندامەکانی تری دەوروبەری بگات و دەڵێت “خۆشبەختانە لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە تەواو جێگیرە”.