رووداوێکی کاریگەر
هەر بەڕاست منداڵەکەی رانیە چۆن کوژرا؟
+964
ژێوار خدر – راپەڕین
درەنگانی شەوی 15 لەسەر 16ـی تەمموزی 2023، پۆلیسی راپەڕین تەرمی منداڵێکی لە چیای هەنجیرەی تیتۆکە دۆزییەوە کە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە دیاربوو.
منداڵەکە کوڕێکی هەشت ساڵانە بە ناوی (یاسر محەمەد)، ماڵباتەکەی بە ئەسڵ خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و دانیشتووی گەڕەکی رەشەمێرگی رانیەن.
هەمان شەو پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لەسەر رووداوەکە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە تەمەنی 21 ساڵە لە رەگەزی نێر و دانی بە تاوانەکەدا ناوە و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن.
تۆمەتبارەکە چۆن منداڵەکەی لەگەڵ خۆیدا بردووە؟
964 پەیوەندی بە خێزانی منداڵەکەوە کرد بۆ خستنەڕووی وردەکارییەکان، باسل واحید باپیری منداڵەکە وتی، “رۆژی 15ـی تەمموز، کوڕەکەمان [یاسر] لە ماڵی خاڵۆی بوو، لە کاتژمێر 4ـی ئێوارەوە کەسی تۆمەتبار رۆشتووەتە ماڵیان و وتوویەتی: من خێرخوازم کۆمەڵێک کەلوپەل و خواردن و مریشکم بۆ داناون و یەکێک لە منداڵەکانتانم لەگەڵ بنێرن بۆ هێنانیان”.
باپیری منداڵەکە وتیشی، تۆمەتبارەکە داوای کردووە یەکێک لە کچەکانی خاڵۆی یاسر بچێت لەگەڵیدا، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و یاسریان ناردووە، بەڵام کات تێپەڕیوە و ئەوان نەگەڕاونەتەوە.
964 دەزانێت، لە کاتژمێر 9ـی شەو ماڵی خاڵۆی پەیوەندییان بە ماڵی یاسرەوە کردووە و پرسیاریان کردووە بۆ ئەوەی کە بزانن کوڕەکەیان گەڕاوەتەوە ماڵی خۆیان یان نا.
“دوای ئەوەی زانیمان چەند کاتژمێرێک تێپەڕیوە و تا ئێستا کوڕەکەمان بێ سۆراغە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانمان کرد و پێمان وتن کەسێکی نەناسراو کوڕەکەمانی بردووە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە”، باپیری منداڵەکە وای بە 964 وت.
تۆمەتبارەکە چۆن دەستگیرکرا؟
دوای ئەوەی هەواڵی بزربوونی منداڵەکە دەگاتە پۆلیسی راپەڕین، پۆلیس دەستدەکات بە کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوە، شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت، ئەوان لە رێگەی کامێرای چاودێری ناوچەکەوە تۆمەتبارەکەیان بینیوە و دوای ماوەیەکی کورت دەستگیریان کردووە و بردوویانەتەوە بۆ ماڵی خاڵۆی کوڕەکە بۆ ئەوەی کە دڵنیاببنەوە لەوەی ئایا هەمان ئەو کەسەیە کە منداڵەکەی ئەوانی بردووە یان نا، لەوکاتەدا خێزانەکە تۆمەتبارەکەیان ناسییەوە و وتیان، بەڵێ هەمان ئەو کەسەیە کە کوڕەکەیانی بردووە، دوای ئەوە تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا نا و شوێنی ئەنجامدانی ئاشکراکرد.
بۆچی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە؟
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە تۆمەتبار بەمەبەستی فرۆشتنی گورچیلەی منداڵەکە ئەو تاوانەی ئەنجامدابێت.
لەناو خەڵک دەنگۆی ئەوە هەیە کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، تۆمەتبارەکە سەردانی چەند دەرمانخانەیەکی کردبێت و پێی وتبن، ئەو دوو گورچیلەی بۆ فرۆشتن هەیە ئەگەر بیانەوێت بیکڕن.
964 بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی ئەو دەنگۆیانە قسەی لەگەڵ پۆلیسی راپەڕین کرد، وتەبێژی پۆلیس وتی، “ئێمە لە ئێستادا لە سەرەتای لێکۆڵینەوەداین و تاوەکو ئێستا نازانین کە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە چی بووە. ئێمەش ئەو دەنگۆیانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان بیستووە و لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانمان لەبەردەم دادوەر ئەو پرسیارە دەکەین و بەدوایدا دەچین، بزانین کە ئایا ئەو بۆ مەبەستی فرۆشتنی گورچیلە سەردانی هیچ دەرمانخانەیەکی کردووە یان نا؟”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لە لێکۆڵینەوەدا دان بەوەدا بنێت کە کارێکی وایکردبێ، ئەوا خاوەنی ئەو دەرمانخانانە بانگ دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.
هەرچی کەسوکاری منداڵە کوژراوەکەیە دەڵێن، ئەوان هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر ئەوەی کە ئایا بۆ ئەو کەسە ویستوویەتی ئەو تاوانە ئەنجام بدات یان بۆچی کوڕەکەی ئەوانی بەدیاریکراوی هەڵبژاردووە.
پەیوەندی نێوان تۆمەتبار و منداڵە کوژراوەکە چی بووە؟
باپیری منداڵەکە بۆ 964ـی باسکرد کە ئەوان دانیشتووی گەڕەکی رەشەمێرگن لە رانیە و تۆمەتباریش دانیشتووی تیتۆکەیە، ئەوان پێشتر هیچ پەیوەندی و ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ تۆمەتبارەکە نەبووە و نایناسن.
ئایا کەسی تۆمەتبار هیچ تێکچوونێکی دەروونی هەیە؟
شۆڕش ئیسماعیل سەبارەت بەم بابەتە بە 964ـی راگەیاند، خێزانی تۆمەتبارەکە وتوویانە “کوڕەکەمان لەڕووی دەروونیەوە تەواو نییە” و ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوەشدا قسەکانی تۆمەتبارەکە لەسەر یەک نەبوون و ئەمەش یارمەتیدەر بووە لەوەی دڵنیاببنەوە ئەو کەسە دەکرێت هەمان ئەو کەسە بێت کە منداڵەکەی لە ماڵەکە بردووە.
“ئێمە لە ئێستادا چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین بۆ ئەوەی بزانین ئەو کەسە لەڕووی دەروونییەوە تەواوە یاخود نا، ئەوەش رێکارێکی درێژخایەنە و چەند لیژنەیەکی پزیشکی جیاواز دوای لێکۆڵینەوە و پشکنین بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن”، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین وای وت.
تەرمەکە هیچ ئەندامێکی جەستەی لێکراوەتەوە؟
بەپێی وتەی کەسوکاری منداڵەکە، تەرمەکە زۆر شێوێندراوە ئەستەم بووە بیناسنەوە بەڵام رەتیان کردەوە کە هیچ ئەندامێکی جەستەی لێ جیاکرابێتەوە.
پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادی هیچ کام لە ئەندامەکانی جەستەی دەرنەهێندراوە بەڵام سنگ و سکی کراوەتەوە و دەموچاوی بەتەواوی شێوێنراوە، هاوکات مشارێکیش لە تەنیشتی تەرمەکەدا دۆزراوەتەوە.