سەرۆک کۆماری عێراق نزار ئامێدی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشت
باسی چی کراوە؟
جەژنە پیرۆزە و سەردان؛ سەرۆک کۆماری ئێران و عێراق قسەیانکرد
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی ئێران و عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد، جگە لە جەژنە پیرۆزە، راوەسانی شەڕیان بە گرنگ زانیوە، مەسعود پزیشکیان بانگهێشتی نزار ئامێدی کردووە بۆ ئێران، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێ، داواکاری لەلایەنی ئێرانی هەبووە تا هاوبەشییەکانمان لە بواری سیاسی و بازرگانی پەرە پێبدەین
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێ، ئەمڕۆ سێشەممە 26.5.2026 پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئەنجامدراوە، هەردوو سەرۆک ویستی خۆیان نیشانداوە کە گەلانی موسڵمانی عێراق و ئێران بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر شادبن و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر باڵ بەسەر هەردوو وڵات و ناوچەکەدا بکێشێت.
وەک باسکراوە، قسە لەسەر گرنگی کۆتایی هێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی گرژییەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و رێگەچارەی دیپلۆماسی و پێویستی پەنابردن بۆ لێکتێگەیشتن تا بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری کراوەتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکییان بانگهێشتنامەی رەسمی ئاراستەی نزار ئامێدی کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، لە راگەیەندراوەکەدا نوسراوە، یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵیی و پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش.