تانکەرێکی کیمیایی لە واشنتن تەقییەوە؛ کەسێک گیانی لەدەستدا
+964
شانیا بێستون
تەقینەوەی تانکەرێکی ماددەی کیمیایی لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کاغەز لە واشنتن روویدا، لە رووداوەکەدا لانیکەم کەسێک گیانی لەدەستداوە و نۆ کەس برینداربوون، کە هەشتیان کارمەندی کارگەکە و یەکێکیان سەر بە تیمی ئاگر کوژێنەوەیە و نۆ کەسی دیکە بێ سەروشوێنە.
رووداوەکە لە کارگەری نیپۆن دایناوەیڤ لە لۆنگیڤۆی واشنتن روویداوە، بەرپرسانی فریاکەوتنی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، برینی بەشێک لە کارمەندەکان سەختە، بە هۆی سووتان و هەڵمژینی گازە ژەهراویییەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، رووداوەکە بەهۆی درزبردن و تەقینی تانکەرەکە روویداوە، کە سەرەتا هێزەکانی فریاکەوتن پێیان وابوو تانکەرەکە 300 هەزار لیتر شلەی تێدایە، بەڵام پشتراستکرایەوە کە 3 ملیۆن و 400 هەزار لیتر شلەی تێدابووە و لە ئێستادا 340 هەزار لیتر شلە لە ناو تانکییەکە ماوەتەوە و ئەوی دیکەی رژاوە و هاوکات ئاماژە بەوە کراوە شلە سپییە راژاوەکە ماددەیەکی مەترسیدار و ژەهراوییە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی مانەوەی شلەی زیادە لە تانکەرەکە تا ئێستاش دۆخی رووداوەکە جێگیر نییە و مەترسی لەسەرە، ئەمەش ئەرکی گەڕان بە دوای کەسە بێ سەروشوێنەکان قورستر دەکات.
بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، رووداوەکە مەترسی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە نییە و پێوست ناکات ماڵەکانیان چۆڵبکەن، هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی رووداوەکە، هاوکات باس لەوەشکراوە یەکەم جار نییە کە رووداوێکی هاوشێوە لە کارگەری نیپۆن روودەدات، لە ساڵی 2023 رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە هەبووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی و سی بی ئێس، ئەم کارگەیە کلینێکس، کاغەزی پرنتەر و چەندین بەرهەمی دیکە دروستدەکات و 1000 کارمەند کاری تێدا دەکەن.