کاسبکاران دەڵێن بێ ئیش بووین

کەی سایدی دووەمی شەقامی ژین – دارەتوو قیرتاو دەکرێت؟

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

دوو ساڵ بەسەر دانانی به‌ردی بناغه‌ی دوو سایدی شەقامی سەرەکیی گەڕەکی ژینی دارەتوو تێپەڕیوە، تا ئێستا یه‌ك سایدی قیر كراوه‌، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێک بۆ قیرتاوکردنی سایدی دووەمی نییە، مانەوەی سایده‌كه‌ش بە قیرنەکراوی، ژمارەیەک دوکاندار و کاسبکاری زەرەرمەند کردووە.

محەمەد سدیق کاسبکارێکی شەقامەکەیە و بە 964ی راگەیاند، بەڵێنیان پێدرابوو سایدی دووەمیش قیر بکرێ، بەڵام هێشتا نەکراوە و ئەوانیش کاروکاسبیان زۆر کز بووە.

وتیشی، “داواکارین حکومەتی هەرێم شەقامەکە قیرتاو بکات”.

هەروەها چەتۆ شێخانی، کە نووسینگەی عەقارانی هەیە لە شەقامەکە، ناڕەزایی هەیە و دەڵێت، هێشتنەوەی شەقامەکە بەم جۆرە، زەرەری زۆری لە دوکان و بازاڕی سەرشەقامەکە داوە، جگە لەوەی ئاوی لێ کۆبووەتەوە و شۆستەکەش ناهێڵێت هیچ ئۆتۆمبێلیک بچێتە سایدەکەی تر.

مام چەتۆ دەشڵێت: لە شوێنانی دیکە یەکەمجار سایدی چوون قیر دەکرێ دواتر سایدی گەڕانەوە، بەڵام ئەوەی شەقامەکەی ئێمە پێچەوانەیە.

شەقامی سەرەکیی گەڕەکی ژینی ناحیەی دارەتوو، کە نزیکەی سێ کیلۆمەترە، سایدی یەکەمی لە 1.11.2025 کرایەوە، دوای ئەوەی لە 21.5.2024 بەردی بناغەی دانرا.

964 پەیوەندی بە شارەوانیی دارەتوو کرد بۆ ئەوەی لە بارەی پڕۆژەکە قسە بکەن، بەڵام ئەوان ئامادەبوون هیچ قسەیەک بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شەقامێكی نوێ لە دارەتوو كرایەوە

شەقامێكی نوێ لە دارەتوو كرایەوە