ئاڵوگۆڕی دۆلار لە 80% بۆ 8% کەمی کردووە

بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزیی نرخی دۆلاری راگەیاند

964+

پێشەوا محەمەد

بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت رێگریکردن لە هەناردەکردنی دۆلار لە رێگە ئەلکترۆنییەکانەوە لە لایەن ئەمریکاوە هۆکارێکی بە بەرزیی مانەوەی نرخی دۆلارە.

سنووردارکردنی بازرگانیکردنی بە دۆلار لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران و سوریا لە لایەن ئەمریکاوە بە هۆکارێکی دیکە داندراوە.

بە پێی زانیارییەکانی بانکەکە، ئاڵوگۆڕی دۆلار لە رێگەی پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنییەکانەوە لە 80% بۆ 8% کەمی کردووە و ئەمریکا دەیەوێت رێگە لە بەکارهێنانە نادروستەکانی دۆلار بگرێت لەو رێگەیەوە.

مازن سەباح، بەڕێوەبەری گشتی لە بانکی ناوەندیی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی هۆکارێک دەبێت بۆ باشترکردنی مامەڵە بازرگانییەکان، کە لەگەڵ ئەمریکا لەسەری رێککەوتوون.

دەشڵێت، ئێستا بە هۆی رێکارەکانەوە لە بازاڕ خواست لەسەر دۆلار زیاترە وەک لە خستنەڕوو، ئەوەش وای کردووە بەهای دۆلار بە بەرزی بهێڵێتەوە.

ئاشکراشی کرد، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی وردبینی لەو سیستمە دەکات، کە لەگەڵ ئەمریکا لەسەری رێککەوتوون و بێ جیاوازی کۆنتڕۆڵی سیستمەکە دەکات.