نۆرە گیراوە
شارەزوور و سەیدسادق: ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کۆدیان بۆ دەکرێت
بڕوا مەجید_ شارەزوور
لە پێناو رێکخستنی زیاتری باری ئەمنیی و هاوکاریبوونی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، پرۆسەی کۆدکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە قەزای شارەزوور و سەیدسادق دەستیپێکرد و شۆفێران دەتوانن سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یاردەدەرێتی ئاسایشی هەڵەبجەی تازە بە 964ـى وت،”لە ئێستادا خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەتوانن سەردانی یاردەدەرێتی ئاسایشی هەڵەبجەی تازە لە قەزای شارەزوور بکەن بە مەبەستی ئەنجامدان و وەرگرتنی کۆد بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان.”
سەرچاوەکەی ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد،”کە پرۆسەکە بەپێی چەند مەرج و رێنماییەکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، کە پێویستە لەسەر شۆفێران پێش سەردانیکردنیان ئەم بەڵگەنامە و مەرجانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
1_ پێویستە پێشکەشکار دانیشتووی کۆمەڵگای قەزای شارەزوور، ناحیەکان، یان گوندەکانی دەوروبەری بێت
2_ کڕیار یان خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە پێویستە پشتگیری فەرمی موختاری گەڕەک یان گوندی پێبێت
3_ کۆپی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی.
4_ پێویستە کۆدی ئاسایشی جۆری (002) بێت
5_ هەبوونی مۆڵەتی شۆفێری فەرمی و مەرجێکی سەرەکییە بۆ راییکردنی مامەڵەکە”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح