سێ ساڵ و 1250 پاوەند
ئەو گەنجانەی بە ئاڵای کوردستانەوە رۆشتنە ناو یاریگا ئەمڕۆ دادگایی کران
میلاد جەلال- گەرمیان
ئەو سێ گەنجەى بە ئاڵاى کوردستان و شەڕواڵ و قاتى کوردییەوە خۆیانکرد بە یارى نێوان مانچستەر سیتى و گەڵاتەسەراى، هەریەکەیان بە 1250 پاوەند پێبژاردن سزادران و سێ ساڵیش بێبەشکران لە چوونە ناو یاریگاکانى بەریتانیا.
لە30.1.2026 لە یاریگای مانچستەر ستی کە میوانداری یانەی گالاتەسەرای تورکی کردبوو، سێ گەنجی کورد بە ئاڵای کوردستان و جلی کوردیەوە رۆشتنە ناو یاریگا و بۆماوەیەک یاریەکەیان راگرت، ئەمڕۆ لەشاری مانچستەر دادگایی کران.
بەڵێن عەلی، یەکێک بوو لەو سێ گەنجەی رۆشتنە ناو یاریگاى ئیتیحاد بە 964ى وت،”ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگامان بوو، لەگەڵ میران ناسیح و ھەڵۆ کاوەی ھاوڕێم رۆشتینە بەردەم دادگا، لەبەرامبەر ئەوەی پێشێلی یاسامان کردووە، سزا دراین”.
“بۆماوەی سێ ساڵ بۆمان نییە لەناو یاریگا سەیری ھیچ یاریەکی فەرمی یانەکانی بەریتانیا بکەین بەھەموو جۆرە وەرزشەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەبڕی ھەزار و 250 پاوەند بۆ ھەریەکێکمان سزای مادیی دراین”، بەڵێن عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆر ھەوڵماندا سزای نەرۆشتنە یاریگا تەنیا بۆ یاریەکانی مانچستەر ستی و گالاتەسەرای بێت، چونکە خۆمان کەسانی وەرزشین، بەڵام دادگا رەتیکردەوە و وتویەتى،” سزاکە خۆی پێنج ساڵە، بەڵام پێشینەی پێشترتان نیە بۆتان دەکەمە سێ ساڵ”.
هەڵوێستەکەى ئەو سێ گەنجە وەک پشتگیرییەک بوو لە رۆژئاواى کوردستان کە ئەوکات کەوتبووە بەر مەترسى هێرشى سوپاى سوریا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح