کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر دەستیپێکرد
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
هەڵمەتی گرتنی سەگی بێلانە لە هەولێر دەستیپێکرد، تیمەکانی شارەوانی، تەندروستی و ژینگە، لەگەڵ دەیان چالاکوانی ئاژەڵدۆست و خۆبەخش تێیدا بەشدارن، بە هۆی زۆری ژمارەی سەگ لە سنووری ناحیەی دارەتوو، قۆناغی یەکەمی کۆکردنەوەی سەگەکان لەو ناوچەیەدا دەستیپێکرد، بڕیارە سەگەکان بۆ شەڵتەری تایبەت بگوازرێنەوە .
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو بە 964ـی وت، ” لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهۆی هەبوونی چەند حاڵەتێکی پەلاماردان، بڕیاردرا لێرە دەستپێبکات، دەشڵێت نزیکەی 500 سەگ لەو سنوورەدا هەن ، ئەمڕۆ شەممە لە سەرەتای هەڵمەتەکە لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا 4 سەگیان کۆکردووەتەوە ”
964 لە هەڵمەتەکە ئامادەبوو، گرتنی سەگەکان بە چەند شێوازێک بوو، لە رێگەی نزیکبوونەوەی ئاژەڵدۆستەکان، پێدانی خواردن و لە قەفەزنان بوو، لە کاتی گرتنیان سەگ هەبوو پەلاماری دەدا و گازی دەگرت .
مەڕوان رەسوڵ ، کارمەندی بنکەی تەندروستیی دارەتوو بە ی964 وت ، دەبێت سەرجەم ئەو کەسانەی لە هەڵمەتی گرتنی سەگەکان بەشدارن، دەستکێش و ماسک بەکاربێنن، چونکە سەگ هەیە گەڕ و نەخۆشە و پەلامار دەدات، هەر حاڵەتێکی پەلاماردان هەبێت، خێرا چارەسەری سەرەتایی پێدەدین و تەداوی دەکەین .
لە پێنج مانگی 2023دا 370 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوایی هەولێر تۆمارکراوە، زۆرترین حاڵەت لە مانگی یەک بووە، کە 91 حاڵەت بووە، دوو لە حاڵەتەکان کاردانەوەی زۆری هەبوو، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە گەڕەکی ژیان سەگ پەلاماری منداڵێکی دا، دوای نزیکەی 15 رۆژ ئانیا شەریف گیانی لەدەست دا، حاڵەتێکی دیکە لە ناحیەی دارەتوو هونەرمەندێکی میللی سەگ لە باخچەکەی خۆیدا پەلاماری دەموچاوی دا و بەشێک لە لووتی لەدەست دا، دوای وەرگرتنی چارەسەر دۆخی ئاسایی بووەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا