مینی پاسی بێ سەرەتا تەنگی بە نەفەراتی رانیە هەڵچنیوە

مەجید بتوێنی – رانیە

شۆفێرانی مینی پاسی هێڵەکانی رانیە بۆ چوارقوڕنە، حاجیاوا، سەروچاوە و شکارتە تەنیا گرفتی گرانی بەنزینیان نییە، ئەوەی گرفتی ئەوانی قووڵترکردووەتەوە کارکردنی مینی پاسە بێ سەرەتاکان و ئەو پاسانەش خوێندکاران دەگوازنەوە دوای کارەکانیان نەفەری هێڵەکان سەردەخەن.

محەمەد ئیبراهیم ماوەی 14 ساڵە لە هێڵی رانیە حاجیاوا کاردەکات بە 964ـی وت، “نەفەر لەبەر ئەو مینی پاسانەی هێڵیان نییە بەرئەوانە ناکەوێت کە بەفەرمی خاوەن هێڵی گواستنەوەی نەفەرن، ئەوانەشی کاردەکەن موچەخۆرن ونبەشێکیان ئاسایش و پۆلیسن کە بەپێی یاسا نابێت کاربکەن.

محەمەد حەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی راپەڕین بە 964ـی وت، “ئیدارەی راپەڕین و حیزب هاوکارنین لە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە وا بڕیارە سێشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی فراوان بە هاوبەشی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامبدەین”.

964 تێدەگات کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەنیازن لە دەروازەی شاری رانیە کابینەیەک دابنێن بۆ رێگریکردن لە کاری نایاسایی مینی پاسە بێ سەرەتاکان و بە بڕیار دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا سنورەکە پاک بکرێتەوە لەو جۆرانە، بەڵام کەمی کارمەندی هاتوچۆ گرفتە لەبەردەمیان.