دوێنێ دەستگیر کرابوو

وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق ئازاد کرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

میدیای عێراقی ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق عەبدولکەریم لوعەیبی دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە دەستبەسەرکردنی لە فڕۆکەخانەی بەغدا ئازاد کرا.

میدیاکانی عێراقی دەڵێن، لوعەیبی، کە وەک وەزیری نەوت لە حکومەتی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر (2010-2014) کاری کردووە، هەوڵی گەشتکردن بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە دوبەی داوە، بەڵام دەستگیریان کردووە، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، کە پەیوەندی بە دۆسیەیەکی کۆنەوە هەبوو و لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە تۆمار کرابوو.

ئەوەش روونکراوەتەوە، دۆسیەکە کۆن بووە و دوای تەواوبوونی رێکارەکانی، داخراوە، بەڵام فەرمانی دەستگیرکردن و قەدەغەکردنی هاتوچۆی هەر لەسەر بووە، چونکە پەیوەندی بە دەستەی دەستپاکییەوە نەکردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پەیوەندیکردن بە دەستەی دەستپاکی، کە پشتڕاستیکردووەتەوە کە دۆسیەکە داخراوە، عەبدولکەریم لوعەیبی هەر دوێنێ ئازادکراوە.