پێشتر تەقە لە کەشتییەکی دیکەیان کراوە

لە گەرووی هورمز هێرش کرایەسەر کەشتییەکی فەڕەنسی و بریندار هەیە

ژووری هەواڵ

لە گەرووی هورمز هێرش کرایەسەر کەشتییەکی فەڕەنسی و بریندار هەیە، پێشتریش تەقە لە کەشتییەکی دیکەیان کراوە.

کۆمپانیای فەڕەنسی (CMA CGM) بۆ گواستنەوەی دەریایی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دوێنێ یەکێک لە کەشتییەکانیان بە ناوی (San Antonio) لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورموزدا بەئامانج گیراوە و بەهۆیەوە زیان بە کەشتییەکە گەیشتووە و چەند کارمەندێکی سەر کەشتییەکەش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کارمەندانەی کەشتیی (San Antonio) کە بریندار بوون، گواستراونەتەوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

هەمان کۆمپانیا مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، یەکێک لە کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز تەقەی ئاگادارکردنەوەی لێ کراوە، بەڵام ئەو رووداوە بێ زیان تێپەڕی.

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بۆ ماوەیەکی کورت ئۆپەراسیۆنی هاوکاریکردن و پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورموزدا رادەگرێت.

دۆناڵد ترەمپ هۆکاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گوایە “پێشکەوتنی گەورە”ـیان بەدەستهێناوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران.

جەنگی ئێران و ئەمریکا بووەتە هۆی پەکخستنی سەدان کەشتی و وەستاندنی نزیکەی %20ـی بازرگانیی نەوتی جیهان لە گەرووی هورمز.