لیژنەیەک بۆ پاراستنی گەڕەکە کەلەپورییەکانی سلێمانی پێکهێنرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەیەوێت ناوەندی شار بپارێزێت لە تێکچوون و گۆڕانکاری، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی پێکهێنا و ناهێڵێت کەس زیان بە گەڕەکە کەلەپووری و شوێنەوارەکانی شارەکە بگەیەنێت.

بۆ ئەو مەبەستە، شارەوانی سلێمانی پشت بە یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2021 لە یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور دەبەستێت.

بە پێی ئەو یاسایە، نابێت رێگە بدرێت لە سنووری گەڕەکە کۆنەکاندا بەبێ رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کاری رووخاندن یان نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوون و بازرگانی بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5.7.2023، زەردەشت رەفیق، بەڕیوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە 964ی وت، ئەنجومەنی شارەوانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریشیداوە، زیاتر گرنگی بە شوێنە گەشتیارییەكان و دروستكردنی ناوچەی گەشتیاریی بدرێت.

گەڕەکە کەلەپورییەکانی سلێمانی پێکهاتوون لە جوولەکان، سەرشەقام، دەرگەزێن، سابونکەران، مەڵکەندی، شێخان و کانێسکان.