لەهەر پارێزگایەک 1000 دۆنم بۆ پڕۆژەکان
عەلی زەیدی هەناردەکردنی ئاسن و مس و ئەلەمنیۆم و قورقوشمی قەدەغە کرد
فەرهاد حەسەن
سەرۆک وەزیرانی عێراق، پیشەسازیی ناوخۆی بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی وڵات دانا و هەناردەکردنی چەند مادەیەکیشی بەهەمووشێوەیەک قەدەغە کرد.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرپەرشتی سێیەمین کۆبوونەوەی “ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازی” کرد و تیایدا چەندین بڕیاری گرنگ بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و گەشەپێدانیکەرتە جیاوازەکان دەرکرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسیگەی سەرۆک وەزیران. زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پیشەسازیی نیشتمانی بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵاتە و بۆ دیاریکردنی ناسنامەی پیشەسازیی عێراق، پێویستە ئەم رێکارانە جێبەجێ بکرێن:
کۆنتڕۆڵکردنی وردی سنوورەکان وجێبەجێکردنی سیستەمی “ئەسیکۆدا” بۆ چاودێریی گومرگی و وەرگرتنی پێشوەختەی باج و رەسمی گومرگی، کە ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، لە هەر پارێزگایەک هەزار دۆنم زەوی ئامادە و تەرخان بکەن بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە پێشنیار دەکرێن.
بەمەبەستی پاراستنی سەرچاوە ناوخۆییەکان، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەرەستەی خاوی کانزاکانی وەکو مس، ئەلەمینیۆم، قورقوشم و ئاسن بە “سکراب”یشەوە.