گەرووی هورمز - وێنە؛ ئەرشیف
داواکارییەکان چین؟
ئێران: هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەمریکا داواکارییەکان جێبەجێ دەکات
ئەحمەد مستەفا
ئێران چاوەڕوانییەکانی نزیکبوونەوەی کردنەوەی گەرووی هورموزی رەتکردەوە و مەرجی بەرفراوانی داڕشتووە کە پێویستە ئەمریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر تاران لە بنەڕەتدا بگۆڕێت.
ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن محەمەد باقر زۆڵغدر سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، گەرووەکە بە داخراویی دەمێنێتەوە تا واشنتن کۆتایی بەو رەفتارە دوژمنکارانەی دژی ئێران دەهێنێت.
شەش داواکارییەکە بریتین لە، کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی ئەمریکا و کردەوەی سەربازی، کۆتاییهێنان بە هەمیشەیی شەڕ، کشانەوەی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، تزگارکردنی سزاکان و ئازادکردنی سەروەت و سامانی دەست بەسەراگیراوی ئێران.
بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات، رەشنووسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران کە زۆر باسی لێوە دەکرێت، لانیکەم لە روانگەی تارانەوە ناگاتە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی هورمز، هەر رێککەوتنێک لە کۆتاییدا پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەبێت.
هەروەها داتاکانی کەشتیوانی ئاماژە بە بەردەوامی پچڕانەکان دەکەن. تەنیا 33 کەشتی لە رۆژی دووشەممەوە تا پێنجشەممە لە هورمزیان تێپەڕاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەمان ماوەی هەفتەی پێشوودا 50 کەشتی بووە، لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکان تەنیا شەش تانکەری نەوتی خاو تا ئێستا لەم هەفتەیەدا گەرووەکەیان جێهێشتووە.
ئەو نادڵنیاییە بازاڕی وزەی لە لێواردا هێشتووەتەوە، هەروەها ئێران تاوتوێی سنووردارکردنی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانی کردووە، لەکاتێکدا پێشنیازەکانی پێشووتر بۆ کرێی ترانزێت چینێکی دیکەی نادڵنیایی زیادکردووە، بەڵام واشنتۆن وێنەیەکی زۆر گەشبینانەتر دەخاتەڕوو، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس رایگەیاندووە، ئێران بە واشنتۆنی راگەیاندووە کە هیچ پلانێکی نییە بۆ سەپاندنی کرێی وەرگرتنی پارە، هەرچەندە ئەمریکا متمانەی تەواو بە دڵنیاییەکانی تاران نییە.