دیمەنی تاکسیەک لە دهۆک کە لۆگۆی تایبەت بە تاکسی لێدراوە- وێنە:964+
15ـی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ تاکسیەکانی دهۆک
زەید کۆچەر – دهۆک
ئەو تاکسیانەی هێشتا لۆگۆیان لێ نەداوە ناوەڕاستی ئەم مانگە دوا وادەیە، هاتوچۆ دەڵێت: لێی نەدەن نابێت ئیش بکەن.
لێدانی لۆگۆ لە تاکسی، یەکێکە لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوەی گەیاندن بۆ جیاکردنەوەی تاکسی ناوشار لەگەڵ هێڵەکانی دەرەوە.
لە دهۆک زیاتر لە 15 هەزار تاکسی هەیە و لەم ژمارەیە 13 هەزاریان لۆگۆی لێداوە، تەنیا دوو هەزاریان ماوە لۆگۆ لێبدەن.
پۆلیسی هاتوچۆی دهۆک، تاوەکو 15ـی ئەم مانگە مۆڵەتیان بە خاوەنی تاکسییەکان داوە بۆ ئەوەی لۆگۆ لە تاکسیەکانیان بدەن.
ئازاد تەها، وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی تاکسی دەکەنەوە بە هیچ شێوەیەک نابێت لە دوای 15.7.2023ـەوە ئەگەر لۆگۆیان نەبەستبێت کاربکەن، بە مەبەستی رێکخستنی کاری تاکسی لەناو شاری دهۆک ئەنجامدەدرێت.
وتیشی، لە دوای ئەو بەروارەشەوە هەر تاکسییەک بێ لۆگۆ بێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەبێت ئۆتۆمبێلە تاکسییەکەی لۆگۆ بکات.
“ئێستا کارئاسانی کراوە بۆ شۆفیری تەکسی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە هەر فەرمانبەرێک دەتوانیت تاکسی لێبخورێت و کاری پێبکات ئەگەر مووچەکەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت” ئازاد تەها، وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی