بەهۆی هەورەبروسکەوە
رەز و باخی هاوڵاتیان لە چەند گوندێکی شارباژێر سووتاوە
ئەحمەد محەمەد – شارباژێر
بەهۆی ئاگرەکەی شارباژێر، سەدان دۆنم زەوی و ژمارەیەکی زۆر لە رەز و باخی هاوڵاتیان سووتا.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە 30.8.2026 بەهۆی هەورەبروسکەوە ئاگر لە بناری شاخی کوێرنگ لە شارباژێر کەوتەوە و بەهۆیەوە جگە لە پوش و پاوان، رەز و باخی دانیشتووانی گوندەکانی مۆكەبە، بایزاوا، كۆلەرد، كارێزە و قەیوان سووتا.
عەبدوڵا قادر دانیشتووی گوندی مۆکەبە بە 964ـی وت، “لەم ناوچەیە دارەبەن و ترش و چوالەی خۆڕسکی لێیە کە هەموویان سووتاوە و جگە لەوەش بەرهەمی ئەمساڵمان هیچی کۆنەکراوەتەوە و زیانی پێگەیشووە”.
“لەبەر ئەوەی ئالوودەی سروشتین، کە شوێنێک دەسووتێ، وەک ئەوە وایە بەشێک لە جەستەی خۆم سووتابێ”، عەبدوڵا قادر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی ئاگرەکە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان سەریان لێشێوا و زیانی زۆریان بەرکەوت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری