لۆگۆی دەستەی گەشتوگوزار
لە هەرێم پەرە بە “گەشتوکاڵ” دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لە هەرێمی کوردستان پەرە بە گەشتیاری لەناو گوندەکان دەدرێت و بۆ ئەو کارە رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی هاوکاری دەستەی گەشتوگوزار دەکات.
پڕۆژەکە “گەشتوکاڵ”ـی پێدەوترێت و بریتییە لە بردنی گەشتیار بۆ گوندەکان و مانەوەیان لەوێ، هەروەها خواردن و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی جوتیاران لە گوندەکان بەرهەمی دەهێنن.
ئێستا دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری ئەو رێکخراوە سەرقاڵی دەستنیشانکردنی ئەو گوندانەن، کە بۆ ئەو جۆرە گەشتیارییە گونجاون.
“هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان و گوندەکانی بۆ ئەو جۆرە گەشتیارییە زۆر گونجاوە”، ئەوە قسەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمە بۆ 964.
وتیشی، “دوای دەستنیشانکردنی گوندەکان خول بۆ جوتیاران دەکەینەوە، کە چۆن خانووەکانیان وا لێبکەن بۆ مانەوەی گەشتیاران بشێن”.