دیمەنێک لە شاری کەرکوک- وێنە: 964
گومانی گەندەڵییان لەسەرە
دەستپاکی: دوو بەرپرسی شارەوانی کەرکوک دەستگیرکران
ئەحمەد مستەفا
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، تیمی لێکۆڵینەوەی نوسینگەی کەرکووک توانیویانە دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەکە ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات کە سەرپێچی و گومانی گەندەڵی لە پڕۆژەیەکی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی شەقامی 11 گوندی پارێزگاکەدا ئاشکرا بووە، کە گوژمەکەی زیاتر لە 4 ملیار دینارە.
پڕۆژەکە پێچەوانەی مەرجە هونەرییەکان جێبەجێ کراوە، بەتایبەت لە کەمکردنەوەی ئەستووری کۆنکریت و بەکارنەهێنانی ئاسنی پێویست، کە پڕۆژەکە لەسەر بودجەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دابین کراوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت.
دادوەری دادگای تایبەتمەند بڕیاری بەندکردنی بۆ تۆمەتباران دەرکردووە و لیژنەیەکی پسپۆڕیش بۆ هەڵسەنگاندنی وردی کارەکانی پڕۆژەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ مەرجەکانی گرێبەستەکە پێکهێنراوە.