بڕێکى زۆر مەى هەڵگرتبوو
شۆفێرەکە سەرخۆش بوو؛ هاتوچۆی سلێمانی دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانیان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە و رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر شۆفێرەکەی گرتووەتەبەر، پاش ئەوەی دەرکەوت لەژێر کاریگەریی مەیدا شۆفێری کردووە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە شێوازێکی سەرکێشانە و بە تیژڕەوییەکی زۆر شۆفێری کردووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر گیانی شۆفێرانی دیکە لەسەر شەقامەکان.
دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆوە ئۆتۆمبێلەکە راگیراوە و پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە خودی شۆفێرەکە بە تەواوی لەژێر کاریگەریی مەی دا بووە، لە هەمان کاتیشدا بڕێکی زۆر لە مەی (کحول) لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزراوەتەوە.
بۆ سەلماندنی سەرپێچییەکان و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان، هاتوچۆی سلێمانی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئۆتۆمبێلەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ساتی ئەنجامدانی سەرپێچییەکان و جۆری شۆفێریکردنە مەترسیدارەکەی دەردەکەوێت.
لە کۆتاییشدا هاتوچۆی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەستبەجێ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە و تەواوی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر شۆفێرە سەرپێچیکارەکە گیراونەتەبەر.