سلێمانی
ئەو كەپرانەی ئاژەڵیان بە نایاسايی تێدا سەردەبڕی تێكدران
+964
كوردستان ئەحمەد
قایمقامیەتی سلێمانی ژمارەیەک کەپر و ئەو جێگایانەی ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێت، تێکدا.
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رێگری لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بە هاوکاری هێزەکانی بەرگریی شارستانی و هیزەکانی ئاسایش و شارەوانی، هەستان بە لابردن و تێکدانی ئەو شوێنانەی ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێت.
رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، پێشتر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەتەوە و رایانگەیاندووە لەگەڵ کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵدا کێشەیان، نییە ئەگەر بەپێی رێنمایەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری بێت، بەڵام چەند شوێنێک وەک مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی پاپەندی رێنماییەکان نەبوون و هیچ هەلومەرجێکی تەندروستیشی تێدا بەدی ناکرێت، هەربۆیە دەستبەسەر شوێن و ئاژەڵەکانیشدا دەگرن.
وتیشی، بە توندی سزای ئەو كەسان دەدرێت، كە رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن و ئاژەڵ بە شێوەی ناتەندروست سەردەبڕن.
زیاتر لە پەنجا كەپر و شوێنی سەربڕینی ئاژەڵەكان لەسەر رێگا سەرەكییەكان دروستكرابوون، ئەمڕۆ تێكدران و لەناوبران.