بۆ مانگى 10

دواخرا؛ لە عێراق زەنگى قوتابخانە درەنگتر لێدەدرێت

وریا فەتاح

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دوابخات و لە بری مانگی ئەیلول، دەوام دەکەوێتە مانگی ئۆکتۆبەرەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاویکردەوە، عەبدولکەریم عەبتان جبوری وەزیری پەروەردە بڕیاریداوە دەستپێکی ساڵی خوێندنی (2026-2027) دوابخرێت بۆ رۆژی یەکشەممە 11ـی ئۆکتۆبەر، لە کاتێکدا پێشتر بڕیار بوو لە 20ـی ئەیلول دەوام دەستپێبکات.

وەزارەتی پەروەردە هۆکاری دواخستنەکەی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە، کە دیارترینیان ئەمانەن:

پێدانی کاتی زیاتر بۆ تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان.

خۆئامادەکردنی باشتر و رێکخستنی قوتابخانەکان لە رووی کارگێڕی و تەکنیکییەوە پێش ئەوەی خوێندکاران بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لەبەرچاوگرتنی بەرزیی پلەکانی گەرما کە پێشبینی دەکرێت لەو ماوەیەدا هەبێت.

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەرجەم قوتابخانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە.