دەڵێن وەڵام بووە

حوسییەکان: دوو هێرشمان کردووەتە سەر ریاز و یەنبەع

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی حوسییەکان، یەحیا سەریع رایگەیاند، هێزەکانیان بە بەکارهێنانی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوو هێرشیان کردووەتە سەر شاری ریازی پایتەختی سعودیە، و شاری یەنبەع.

یەحیا سەریع لە راگەیەندراوێکدا وتوویەتی، ئەم هێرشانە لە وەڵامی هەوڵی هێزەکانی سعودیە بۆ ئامانجگرتنی پایتەختی یەمەن ئەنجام دراون.

بەپێی راگەیەندراوەکەی، هێرشی یەکەم ئامانجێکی هەستیاری لە ریاز بەئامانج گرتووە، لە کاتێکدا هێرشی دووەم کۆمپانیای نەوتی سعودیە “ئارامکۆی” لە یەنبەع بەئامانج گرتووە.

وتەبێژی حوسییەکان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراون و لە ئەنجامی هێرشەکاندا ئاگرێکی گەورە لە شوێنە ئامانجگیراوەکان کەوتووەتەوە.

تا ئێستا، ئەم بانگەشەیەی حوسییەکان سەبارەت بە وردەکارییەکانی هێرشەکان و زیانەکان، لە سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.