"وێنە و ڤیدیۆ سەربازییەکانتان بۆ هیچ پەیج و ئەکاونتێک مەنێرن"

وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەداتە ئەفسەران و هێزەکانی

ژێوار خدر

بۆ پاراستنی ئاسایشی هێزەکانی کوردستان و رێگریکردن لە دزەکردنی زانیاری، وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی بەپەلەی دایە ئەفسەران و پێشمەرگەکان، ئەوەش دوای ئەوەی چەند پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ سەربازییەکان.

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەم رۆژانەدا بەشێک لە پەیج و کەسایەتییەکان داوای وێنە و ڤیدیۆی پێشمەرگەکان دەکەن بە جلوبەرگی سەربازی و لە کاتی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا، وەزارەتەکە داوا دەکات بۆ پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتییەکان، ئەفسەر و پێشمەرگەکان زۆر هۆشیار بن و بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ هیچ لایەنێک نەنێرن.

لە روونکردنەوەکەدا جەخت کراوە، کە دەبێت پێشمەرگەکان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن و رێگە نەدەن زانیارییە سەربازییەکانیان بڵاوببێتەوە، ئامانجیش لەم هۆشدارییە پاراستنی گیانی پێشمەرگەکان و یەکە سەربازییەکانە.