سەرۆکی لیژنەی تەندروستی زیقار وا دەڵی

“هەواڵی دۆزینەوەی گۆشتی بەراز لە رێستۆرانتێکی ناسریە راست نییە”

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد غەنی خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پارێزگای زیقار، هەواڵە بڵاوبووەکان سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆشتی بەراز لە رێستۆرانتێکی شاری ناسریە رەتکردەوە.

خەفاجی لە بەیاننامەیەکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ،  ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی گۆشتی بەراز لە چێشتخانەیەک لە ناسریە دەکەن، دوورن لە راستی.

بە قسەی ئەو شەوی رابردوو، لەگەڵ جێگری پارێزگار بۆ کاروباری بەدواداچوون و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی، سەرپەرشتی پشکنینی چێشتخانەیەکیان لە شاری ناسریە کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێ، لە کاتی پشکنینەکەدا بڕێک گۆشتی خراپبوو دەستیبەسەر گیراوە، بەڵام گۆشتی بەراز نەبووە و ئەو بانگەشەیە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی رێکخستن و چاودێرییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دەنگۆکەی ناسرییە لە کاتێکدایە، رۆژی 9.9.2026، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست 964 عەرەبى کەوتبوو، ساتەوەختی دەستگیرکردنی ئەو قەسابەی ئاشکراکرد کە گۆشتی بەرازی لە قیمە دەدا و بە ناوی گۆشتی سوورەوە بە هاوڵاتیانی شاری نەجەفی دەفرۆشت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان روونیان کردووەتەوە کە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە لەلایەن هێزێکی تایبەتی سەر بە دەزگای هەواڵگرییەوە ئەنجامدراوە.