کرێى ساڵێکى خانوەکەشیان مسۆگەرە
دواى بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆکەیان لە 964؛ منداڵەکانى سەرحەد و شەهلا دەگەڕێندرێنەوە قوتابخانە
وریا فەتاح
پاش ئەوەی تۆڕی 964 چیرۆکی ژیانی سەخت و پڕ لە نەهامەتیی خێزانێکی بڵاوکردەوە کە لەسەر ماتۆڕێک کارتۆن کۆدەکەنەوە و لەبەر بێ پارەیی منداڵەکانیان لە مەکتەب دەرهێناوە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی هاتە دەنگ و ئەرکی گەڕاندنەوەی منداڵەکان و کرێی خانووەکەیشی گرتە ئەستۆ.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی خێزانەکە، نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لە کۆمێنتێکدا بۆ 964 نووسیویەتی، “ئامادەین خوێندکارەکانیان بگەڕێنینەوە بۆ قوتابخانە و سەرجەم تێچووی ئەمساڵیان دەگرمە ئەستۆ، هەروەها وەک ئەرکى سەرشانم کرێى ساڵێکى خانوەکەیان دەگرمە ئەستۆ”.
ئەم بەدەنگەوەچوونە پاش ئەوە دێت، رۆژێک پێش لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، 964 چیرۆکى ژیانى سەرحەد قادر و شەهلا عەبدوڵای هاوسەری بڵاوکردەوە. ئەوان لە حەوتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە، بە ماتۆڕێکەوە کۆڵان بە کۆڵانی سلێمانی دەگەڕێن و چاویان لە پارچەیەک کارتۆن و مقەبای فڕێدراوە تا بیدەنە دواوەی ماتۆڕەکەیان، بۆ ئەوەی لە کۆتایی رۆژەکەدا تەنیا 10 هەزار دینار ببەنەوە ماڵەوە.
ژیان بۆ ئەم دوو هاوسەرە تەنها لە هەژاریدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو هەردووکیان نەخۆشن، سەرحەد نەخۆشیی بوورانەوەی لەگەڵدایە و شەهلاش نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوایە و ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە دەکات. بەهۆى نەداریشەوە منداڵەکانیان لە خوێندن دەرهێناوە.