قوتابیەک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە تەماشای پرسیارەکان دەکات _ وێنە: 964
وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێ
“رێنماییەکانی تاقیکردنەوە هۆکار بووە نمرەی 100 کەم بێت”
ئەحمەد مستەفا
ژمارەی ئەو قوتابیانەی قۆناغی 12 نمرەی 100% یان بەدەستهێناوە، لە 33 قوتابی لە ساڵی رابردووەوە بووەتە تەنیا 3 قوتابی؛ وەزارەت دەڵێت، هۆکارەکە گۆڕانکاریی ڕێنماییەکانی تاقیکردنەوەیە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری بەشداربووان و دەرچووانی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12 لە 5 ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی بەشداربووان لە 104,005 قوتابی لە ساڵی خوێندنی 2021-2022 وە بەرزبووەتەوە بۆ 119,525 قوتابی لە 2023-2024، کە بەرزترین ئاستی بەشداریکردن بووە، لە ساڵی 2025-2026داش 117,313 قوتابی بەشدارییان کردووە و 40,012 قوتابی دەرچوون.
هەروەها ژمارەی قوتابیانی خاوەن نمرەی 100% لە 33 قوتابی لە ساڵی ڕرابردووەوە بۆ 3 قوتابی لەمساڵدا دابەزیووە، کە وەزارەت هۆکارەکەی بە گۆڕانکاری لە رێنماییەکانی تاقیکردنەوەوە بەستووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، 29,098 قوتابی لە تاقیکردنەوەی وانەی ئینگلیزی لە خولی دووەم بەشدار نەبوون و بەپێی یاسا بە کەوتوو هەژمار کراون، ئەمەش کاریگەری لە دابەزینی رێژەی گشتیی دەرچوون هەبووە.