سبەی ساڵی نوێی خوێندنە

123 هەزار قوتابی دەست بەخوێندن لە قۆناغی یەک دەکەن

ئەحمەد مستەفا

سبەی 20.9.2026، دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندن دەبێت لە قوتابخانە و باخچەكانی ساوایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن، ئەمساڵ 110 پەرتووکی قوتابیان گۆڕانکاری تێدا کراوە.

پەروەردە دەڵێ، زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانەشیان نۆژەن کردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی نوێی خوێندندا زیاتر لە 123 هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، هەروەها ژمارەی قوتابخانەکان دەگاتە زیاتر لە حەوت هەزار و 590 قوتابخانە.

بۆ ئەمساڵی خوێندن، بەگوێرەی گۆڕانكارییە زانستییەكان و پێداویستییە پەروەردەییەكان، گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن كراوە، بەشێوەیەكی گشتی 110 پەرتووكی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەكان گۆڕانكاریی تێدا كراوە و گۆڕدراون.

هەروەها نزیكەی 19 ملیۆن پەرتووكی نوێی خوێندن چاپ كراون بۆ قوتابییان، بەگوێرەی ژمارەی قوتابییان و پێویستییان، بەیەكسانی بەسەر سەرجەم قوتابخانەكان لە شار و شارۆچكە و گوندەكان دابەش كراون.

لە پەرتووكەكانی خوێندن، گۆڕانكارییەكان بە 5 شێوەزار و زمان ئەنجام دراون، كوردیی سۆرانی، كوردیی بادینی، عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و توركمانی.

ئەو گۆڕانكارییانەی لە پڕۆگرامی خوێندنی ساڵی 2027-2026 كراون:

كتێبی كوردیی پۆلی شەشی بنەڕەتی.
كتێبی زانستەكان لە پۆلەكانی 6، 8 و 9ـی بنەڕەتی.
كتێبی بیركاریی پۆلەكانی 4،5 و 6ـی بنەڕەتی.
كتێبی بیركاریی پۆلی 11ـی ئامادەییی زانستی و وێژەیی.
كیمیا بۆ پۆلی 11ـی ئامادەیی.
كتێبی هێمای پیتەكانی كوردیی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی.
كتێبی تەكنەلۆژیای زانیاریی پۆلەكانی 7 و 8.

پێشتر وەزیری پەروەردە وتی، سەرجەم گۆڕانكارییەكان لەلایەن شارەزایان و مامۆستایان و پەروەردەكارانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دراون، بێ ئەوەی هیچ تێچوویەكی هەبێت، لەكاتێكدا پێشووتر ئەمە لەلایەن كۆمپانیاكانی دەرەوە بە تێچوویەكی زۆر جێبەجێ دەكران.

هەروەها، تاوەكو ئەیلولی 2026، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا، 236 قوتابخانە و باخچەی نوێی ساوایان دروست كراون، هەروەها 476 پۆلی خوێندن (ژووری خوێندن لە قوتابخانەكان) زیادكراون و 2650 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.