گازی باکوور بووە پاڵەوانی باسکەی ئێران

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

دوای بردنەوەی نازناوی پاڵەوانیەتی باسکەی 3*3 لە ووڵاتی ئێران، یانەی گازی باکوور کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا.

لەسەر بانگهێشنامەی فیدراسیۆنی باسکەی ئێران، ماوەی هەفتەیەکە تیپی باسکەی کچانی یانەی گازی باکوور، کە هەموو یاریزانەکانی کوردن، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشداریان لە پاڵەوانیەتییەکی باسکەی 3*3 کرد کە بۆ هەشت یانە رێکخرابوو.

تیپی باسکەی گازی باکوور لەبەر زۆری کچە یاریزانەکانی بە دوو تیپی A و B بەشداری پاڵەوانیەتییەکەی کرد.

چنار فاتیح، راهێنەری تیپی باسکەی گازی باکوور بە 964ـی راگەیاند، یانەکەیان لە شاری سنە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و پاڵەوانیەتییەکەش لە ئاستێکی بەرزدا بووە و کچە یاریزانەکانیان سوودی زۆریان لە رکابەرییەکان وەرگرتووە.

وتیشی، دروستکردنی ئەم پەیوەندیانە لەگەڵ وڵاتی ئێران سوودی زۆری دەبێت، چونکە ئەم وڵاتە ئاستێکی بەرزی هەیە لە یاری باسکەدا.

دوای بەڕێوەچوونی هەموو رکابەرییەکان هەردوو تیمی باسکەی گازی باکووری A و B گەیشتنە یاری کۆتایی و تێیدا تیپی B بە ئەنجامی 10 خاڵ بەرامبەر بە 9 خاڵ یارییەکەی بردەوە و نازناوی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی