سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق:

“خواردن و ده‌رمان و سووته‌مه‌نی بۆ باری له‌ناكاو ئاماده‌ بكه‌ن”

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عه‌لی زه‌یدی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دەسەڵاتی باڵای بەڕێوەبردنی باری نائاسایی و قەیران و کارەساتەکان، فه‌رمانی كرد خواردن و ده‌رمان و سووته‌مه‌نی دابین بكرێت بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر بارێكی له‌ناكاو و ته‌نگژه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15.11.2026 كراوه‌ و راگه‌یاندنی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بڵاویكرده‌وه‌، عه‌لی زه‌یدی جەختی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییە پێویستەکانی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی کردەوە بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هەر قەیرانێک، جا چ سروشتی بێت، یان دروستکراوی مرۆڤ، هەروەها دڵنیابوون لە پاراستنی ژێرخانه‌ گرنگ و پێویسته‌كان.

زه‌یدی لەمبارەیەوە داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كرد، پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابه‌ته‌ تەرخان بکات.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییەکانی سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانی لەخۆگرتبوو، کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی هاوکارییە لەگەڵ لایه‌ن و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان.

عێراق له‌ ناوچه‌ی قه‌یران و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ده‌وروبه‌ردایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌وا ئاماژه‌ به‌ شه‌پۆلێكی به‌رفراوانی باران و سه‌رما ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو روو له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات.