لە عەربەت رۆژانە زیاتر لە 30حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆماردەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە عەربەت و لە یەک مەڵبەندی تەندروستی ناحیەکە، رۆژانە نزیکەی 30 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمار دەکرێ، یەکێک لە هۆکارەکان ئاوی خواردنەوەیە.
تۆڕی 964 دەزانێت، سبەی کۆبوونەوەیەک بە بەشداری لایەنی تەندروستی و فەرمانگەی ئاوی عەربەت ئەنجامدەدرێت و لە رێژەی مادەی کلۆری نێو ئاوەکە دەکۆڵنەوە.
عەربەت خاوەنی دوو مەڵبەندی تەندروستییە، بە وتەی بەڕێوەبەری یەکێک لەو مەڵبەندانە، تەنیا لەلای ئەوان ئەو رێژەیە تۆمارکراوە و زیادیشی کردووە، هەروەک پێنج رێنمایشی بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکە پێیە.
دکتۆر وریا حسێن، بەرێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی عەربەتی خواروو ئەمرۆ سێشەممە 20.6.2023 ئاماژە بەوە دەکات، لەئێستادا رێژەی سکچوون لە سنورەکەمان زۆرە و پێویستی بە هەماهەنگی هەموومانە بۆ زاڵبوون و کەمکردنەوەی حاڵەتەکان.
دەشڵێت، کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە پێش بەکارهێنان یان داپۆشینی ئەو دەفرەی ئاوی تێدەکرێت، هەروەها خواردنی تەندروست بخورێت، دورکەوتنەوە لە خواردنی گەرمکراو و باش شۆردنەوەی میوە و سەوزە پێش بەکارهێنان.
هاوکات داوایکردووە، هاوڵاتییان شۆردنی دەستەکان و پاکڕاگرتنی بەردەوام گەشە پێ بدەن و لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی بۆ 4:00ی ئێوارە تەنها بۆ کاری پێویست نەبێت نەچینە دەرەوە، چونکە گەرما یەکێکە لەهۆکارەکانی توشبوون بە سکچوون و رشانەوە.