رێنمایی بۆ فرۆشیاران دەرکرد

تا بڕیاری داخستنی دوکان لیژنەی ئابوری چۆمان رێکار دەگرێتەبەر

ئەحمەد مستەفا

گەرمی بازاڕ و نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان، لیژنەی ئابووری قەزای چۆمانی وا لێکردووە، داوابکات فرۆشیارەکان بە توندی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و گرنگییەکی تایبەت بە کوالێتی و سەلامەتی ئەو کاڵایانە بدەن کە دەیانفرۆشن.

وەک خۆیان دەڵێن، لە حاڵەتی بینینی سەرپێچی داخستنی دوکان و پێبژاردنی لێ دەکەوێتەوە.

لیژنەی ئابووری چۆمان لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دراوە بە 964 باسی ئەوەشدەکات، پێویستە فرۆشیارەکان، پابەندبن بە لایەنی پاکوخاوێنی بۆ ئەو کاڵایانەی کە فرێشن، بە تایبەت چەرەزات و خۆراکە کراوەکانی تر. دڵنیابن لەوەی کە بە شێوەیەکی تەندروست هەڵگیراون و نمایش کراون.

لەبارەی شیرینییەکان، داواکارن، بە هیچ شێوەیەک شیرینییەک کە لە رووی تەندروستییەوە گونجاو نییە یان گومانی لەسەرە، نەیفرۆشن.

ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەیانە؛

ئاگادارییەکی گرنگ بۆ تەواوی کاسبکارانی بازاڕی چۆمان
بابەت: پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوالێتی کاڵا
بەڕێزان کاسبکارانی بازاڕی چۆمان..
بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربانی پیرۆز، لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان داواتان لێدەکات کە بە توندی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و گرنگییەکی تایبەت بە کوالێتی و سەلامەتی ئەو کاڵایانە بدەن کە دەیانفرۆشن.
خاڵە گرنگەکان بۆ پابەندبوون:
1. کەلوپەل و شیرینی بێ ناونیشان: پێویستە خۆتان بە دوور بگرن لە فرۆشتنی هەر جۆرە کەلوپەل و شیرینییەک کە ڕێکەوتی بەسەرچوون، ناونیشانی شوێنی دروستکردن، یان هیچ زانیارییەکی تری پێویستی لەسەر نییە. ئەم جۆرە کاڵایانە مەترسی تەندروستییان هەیە و فرۆشتنیان قەدەغەیە.
2. پاکوخاوێنی کاڵا فرێشەکان: پابەندبن بە لایەنی پاکوخاوێنی بۆ ئەو کاڵایانەی کە فرێشن، بە تایبەت چەرەزات و خۆراکە کراوەکانی تر. دڵنیابن لەوەی کە بە شێوەیەکی تەندروست هەڵگیراون و نمایش کراون.
3. شیرینی نەگونجاو لە ڕووی تەندروستییەوە: بە هیچ شێوەیەک شیرینییەک کە لە ڕووی تەندروستییەوە گونجاو نییە یان گومانی لەسەرە، مەیفرۆشن. سەلامەتی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکانمانە.
سزای سەرپێچیکاران:
ئاگادارتان دەکەینەوە کە لەم ڕۆژانەدا لیژنەکانمان بە مەبەستی پشکنین و چاودێریکردن لە بازاڕدا دەگەڕێن. هەر کاسبکارێک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت، تووشی ڕێکاری یاسایی توند دەبێت، کە بریتی دەبێت لە داخستنی شوێنەکەی و سەپاندنی پێبژاردنی دارایی.
تکایە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و دوورکەوتنەوە لە سزای یاسایی، پابەندی تەواوی ئەم ڕێنماییانە بن.
بە سپاس و پێزانینەوە..
لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان