رەوانەی نەخۆشخانە کراوە
منداڵێکی تازە لە دایکبوو لە کەرکوک دۆزرایەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
تازە خەبەر هاتووە، کە دوێنی پێنجشەممە 18.6.2026، لەلایەن “کەسانێکی تائێستا نادیار” منداڵێکی کۆرپەلە لە نزیک یەکێک لە مزگەوتەکانی گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکوک جێهێڵدراوە، منداڵەکە لە رەگەزی مێیە و رادەستی بنکەی پۆلیسی عەدالە کراوە.
لەگەڵ ئەوەی پۆلیس زانیوویەتی کۆرپەلەکە جێهێڵدراوە، پاشان رەوانەی نەخۆشانەی منداڵان کراوە، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ئێستا شەش منداڵی کۆرپەلە لە شارەکە دۆزراوەتەوە.
سەعید نوری کارمەندی بەشی نەبەکامی نەخۆشخانەی منداڵانە لە کەرکوک بە 964ـی وت، ئەو منداڵە توشی زەردوی بووە و ئێستا لە ژێر ئامێر دامانناوە بۆ ئەوە تەندرووستی بەرەو جێگیربوون بچێت.
دەربارەی تەمەنی منداڵەکە ئەو وتی، بەو پێیەی ئەمڕۆ ناوکی کەوتوە و پێدەچێت تەمەنی لە نێوان سێ رۆژ بۆ هەفتەیەک بێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست 964 کەوتووە، هەفتەی رابردوو لە قەزای داقوق منداڵێکی دیکەی کورپە لە رەگەزی نێر جێهێڵدرابوو لەلایەن هاوڵاتییانەوە دۆزرایەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، شەش منداڵی کۆرپەلە و تازە لە دایکبوو لە شارەکە دۆزراونەتەوە کە جێهێڵدراون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا