لەسەر فرۆشتنی گۆشتی قەدەغەکراو بە خۆماڵی گۆشتفرۆشێک سزادرا

+964

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانى

ماوه‌یه‌كه‌ گۆشتفرۆشێک لە سلێمانی گۆشتی ھیندی به‌ستوو خاو ده‌كاته‌وه‌و به‌ گۆشتی فرێش و ئاسایی، ده‌رخواردی كڕیاره‌كانى ده‌دا، لیژنه‌كانى چاودێریش به‌و كاره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ى ده‌زانن و شوێنه‌كه‌ى پێ داده‌خه‌ن.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند، ئه‌مڕۆ گۆشتفرۆشێک به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و هه‌بونی بڕێك گۆشتی هیندی و ساغكردنه‌وه‌ی به‌ نرخی گۆشتی فرێش، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی شوێنه‌كه‌یان پێداخستووه‌ و رێكاری یاساییشی له‌گه‌ڵ ده‌گیرێتەبه‌ر.

+964   زانیویه‌تى، شوێنی گۆشتفرۆشه‌كه‌ ناوى كاژاوه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی رۆژهه‌ڵاته‌ له‌ سلێمانى.

سه‌رۆكى لیژنه‌، باسی لەوەشکرد به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێم، هاورده‌كردن و فرۆشتنی گۆشتی هیندی قه‌ده‌غه‌یه‌ و له‌هه‌رشوێنێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى +964 ، جیاوازاییه‌كی زۆر له‌ نێوان نرخی گۆشتى هیندی به‌ستوو له‌گه‌ڵ گۆشتى ئاسایی و فرێش هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نرخی كلیۆیه‌ك گۆشتى فرێش له‌نێوان ١٦ تا ١٨ هه‌زار دینارەو، گۆشتى به‌ستووى هیندیش نرخه‌كه‌ی هەشت هه‌زار دینارە.