فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە:
“سەفین دزەیی هیچ لێدوانێکی لەبارەی بڕینەوەی دارەوە نەداوە”
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانێک بڵاوکردووەتەوە کە بەناوی سەفین دزەییەوە بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت: هیچ لێدوانێکی لەو جۆرەی نەداوە.
فەرمانگەکە ئاماژە بەوە دەکای، ئەو لێدوانەی بەناوی سەفین دزەییەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە “بڕینەوەی دارەکانی [پارێزگای دهۆک] بە ئاگاداری حکومەتی هەرێمە” راست نییە و هیچ لێدوانێکی لەو جۆرەی نەداوە.
“ئێمە رایدەگەیەنن کە تەواوی ئەو لێدوانانەی بەناوی بەرپرسی فەرمانگە بڵاوبووتەوە هیچ بنەمایەکی راستی نییە و دروستکراوە”، لە روونکردنەوەکەدا وا هاتووە.
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی بڕینەوەی دارەکانی سنووری دهۆک بووەتە جێی باس و ئەمڕۆ عەلی تەتەر، پاریزگاری دهۆک بە964ـی وت: ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاودەکرێنەوە راست نین، تورکیا هیچ دارێکی لە سنووری پارێزگای دهۆک نابڕێتەوە، ئەگەر پێشتر هەبووبێت ئێستا ئەوە نییە.
دەقی راگەیاندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم:
روونکردنەوەیەک لە ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سەبارەت بە لێدوانێکی نادروست
چەند ڕۆژێکە بە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست لە هەندێ لە ماڵپەڕو پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لێدوانێک بەناوی بەڕێز سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سەبارەت بە بڕینەوەی دار لە ناوچە سنووریەکان لەگەڵ کۆماری تورکیا بڵاوبۆتەوە، گوایە بڕینەوەی دارەکان بە ئاگاداری حکومەتی هەرێمە.
ئێمە ڕایدەگەیەنین کە تەواوی ئەو لێدوانانەی بەناوی بەرپرسی فەرمانگە بڵاوبۆتەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییەو دروستکراوە، بەڕێزیان لەم ماوەیەدا هیچ لێدوانێکی لەم جۆرەی نەداوە.
وەک بیرخستنەوە ئاماژە بە لێدوانێکی پێنج ساڵ لەمەوبەر واتە لە ٧/٦/٢٠٢١ ی بەڕێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکەین بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی بڕینەوەی دار لە ناوچە سنووریەکان. ئەوکات بەڕێزیان گوتی: (داربڕینەوە كارێكی ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەك قبوڵكراو نییە، دەشڵێت، “ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین رێگای تایبەت و فەرمی ئاراستەی لایەنی توركی كردووە).هیوادارین هەندێ ماڵپەڕو پلاتفۆرم ووردتر لێدوان و هەواڵ بڵاوبکەنەوە، با نەبنە سەکۆیەک بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و دروستکردنی بێمتمانیی لە کۆمەڵگا.
ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە