گوندنشینەکانی سنوری چەمچەماڵ دژی بارهەڵگرەکانی سایلۆ گردبوونەوە

964+
هۆگرعەدنان – چەمچەماڵ

بەشێک لە گوندنشینانی سنوری چەمچەماڵ گردبوونەتەوە و داوا دەکەن ئەو قەرەباڵغیەی بارهەڵگرەکان لەبەردەم سایلۆکان دروستیانکردووە کۆتایی پێبێت.

ئەوان گلەیی ئەوەدەکەن کە بەهۆی سایلۆی چەمچەماڵەوە لە گوندی گورگەیی شامار، رێگەی چەندین گوند گیراوە، چونکە بارهەڵگرەکان ناچنە ناو گەراج و لەبەردەم سایلۆکە ریز دەگرن.

سمکۆ عارف دانیشتووی گوندی شامار بۆ 964ی باسکرد، زیاد لە کاتژمێرێکە دەیەوێت بچێت بۆ چەمچەماڵ و رێگەی نییە، وەک خۆی باسی دەکات، پێیان وتووە بە رێگەی پشت وێستگەی کارەباکەی چەمچەماڵ بڕوات بۆ ناوشار، کە پێیوایە رێگەیەکی دوور و ناخۆشە.

میکایل محەمەد شۆفێری بارهەڵگرە، بە 964ی وت، ”15 رۆژە لە سەرەدام بەڵام کەسی وا هەیە بە واستەی ناسیاوی دەچێت گەنمەکە تەسلیم دەکات و بەشێکی زۆر لەم بارهەڵگرانە بەئەنقەست ئۆتۆمبێلەکانیان ناکەنە ناو ئەو گەراجەی بۆیان دابینکراوە”.

شۆڕش مارف دانیشتووی گوندی گورگەیی مارف حاڵی خۆی بۆ 964 گێڕایەوە و تی، ”لە بەیانی زووەوە رێگەمان لێگیراوە، نەخۆشمان پێبوو، ویستمان بڕۆین بۆ چەمچەماڵ بەڵام لە رێگەی دیکەوە رۆیشتین بەناچاری”.

ساڵانە لەم کاتەدا، گەنم و دەغڵودانی جوتیاران لە سایلۆکان وەردەگیرێت.