چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە
لەسەنتەرى تیشکى رانیە کەمتەرخەمى کراوە
فەرمان مەلا حەسەن- رانیە
دواى ئەوەى دوو بریندارى رووداوێکى هاتوچۆ دەنێردرێن بۆ سەنتەرى تیشک لە رانیە، بۆ ماوەى نزیکەى یەک کاتژمێر کەس نایەت بەلایانەوە و لەسەر ئەو بابەتەش وەزیرى تەندروستى لیژنەیەکى پێکهێنا.
جەنگى قەلاوەیى، کە هاوەڵ و کەسوکارى یەکێک لە بریندارانى رووداوى هاتوچۆکەى رانیە بووە، بە 964ـى وت،”دوو بریندارمان بردە سەنتەرى تیشک، بەڵام ماوەى نزیکەى یەک کاتژمێر لەسەر بێدى تیشکەکە بریندارەکەمان پاڵکەوتبوو و ئازارى هەبوو، کەس نەهات بەدەمییەوە”.
وتیشى،”کەمتەرخەمى کراوە، بەڵام کەس گوێ لە ئێمە ناگرێت”.
964 لەسەر ئەو بابەتە، پەیوەندى بە دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستییەوە کرد و ئەویش وتى،”بەڵێ کەمتەرخەمى کراوە و لیژنەیەک پێکدەهێنین”.
لاى خۆیەوە دکتۆر سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى راپەڕین بۆ 964 وتى،”کەمتەرخەمى هەبووە، لیژنە پێکهێنراوە و کەمتەرخەمەکان سزا دەدرێن”.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە رێگاى نێوان رانیە بۆ قەڵادزێ و لە نزیک دەربەندى رانیە، رووداوێکى هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون کە دوو لە بریندارەکان رەوانەى سەنتەرى تیشکى رانیە کران و لەوێ بۆ ماوەى نزیکەى یەک کاتژمێر لە چاوەڕوانى کارمەند و پزیشک مانەوە و کەس نەهات بەدەمیانەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح