ناسنامەى رێگاى مەرگى وەرگرت
زۆرى رووداوەکانى هاتوچۆ کامێراى “پۆینت تو پۆینت” لە رێگاى دەشتى کۆیە جێگیر دەکات
دەریا ئەحمەد ــ کۆیە
ئەگەر جاران رێگاى سلێمانى بۆ گەرمیان بە رێگاى مەرگ ناسرا بوو، ئێستا رێگاى دەشتى کۆیە کە دوکان و کۆیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ناسنامەکەى بۆخۆى بردووە، چونکە لە 18 مانگدا 16 کەس تێیدا گیانى لەدەستداوە. قائیمقامى کۆیەش نوسراوێکى کردووە و دەیەوێت لە رێگاى جێگرکردنى کامێراى “پۆینت توو پۆینت”، رووداوەکانى هاتوچۆ لەو رێگایە کەم بکاتەوە.
دواى ئەوەى ئێوارەى دوێنێ لە رووداوێکى سەختى هاتوچۆدا کە لە رێگاى دەشتى کۆیە روویدا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا، هاوڵاتیان رووداوەکەى سەرەتاى ئەمساڵیان بیرکەوتەوە کە لە هەمان رێگا چوار کەس لە رووداوێکدا، تێداچوون.
پەیامنێرى 964 سۆراغى رێگاکەى کردووە و چووەتە لاى تارق حەیدەرى قائیمقامى کۆیە و دەیەوێت بزانێت هۆکارى ئەم هەموو رووداوە چییە و چۆن چارەسەر دەکرێن، لە وەڵامى ئەو پرسیارانەدا تارق حەیدەرى وتى،”هەرچەندە دابەشکارى ئۆتۆمبێلەکان هەیە و زۆربەى بارهەڵگرەکان نایەنەوە ئەو رێگایە، بەڵام هێشتا رێگاکە قەرەباڵغە و لەبەردەم مەترسى رووداوى هاتوچۆدایە، بۆیە داوامان کردووە وەک چارەسەرێکى خێرا کامێراى تۆمارکردنى تیژڕۆیى “پۆینت توو پۆینت” لەو رێگەیە جێگیر بکرێت”.
بەوتەى تارق حەیدەرى، هەرچەندە رێگاکە یەکسایدى دوو ئاراستەى قەرەباڵغە، بەڵام پابەند نەبوونى شۆفێران و خێرا لێخوڕینیان، هۆکارى سەرەکى رووداوەکانن.
لەبارەى دووسایدکردنى رێگاى کۆیە دوکان، حەیدەرى وتى،” بڕیاری دووساید کردنی رێگای کۆیە ــ دوکان هەیە و ئێستا لە قۆناغی دیزاینکردن دایە،لە هەمانکاتدا دروستکردنی تونێڵی هەیبەت سوڵتان کە لە چواچێوەی پڕۆژەی دووسایدی نێوان (کۆیە ــ هەولێر) دایە و کۆیە بە رێگایەکى دوو سایدی بە دووکان دەبەستێتـەوە، دەبێتە هۆکارێکی تر بۆ نەمانی ئەو قەرەباڵغیە کە ئێستا هەیە.
پێداچوونەوە: شانیا بێستون